|
|
په‌يامێک بۆ سه‌رۆکی کوردستان بارزانیی دووه‌م
ئه‌گه‌ر مقه‌يه‌تی ( زمانی یه‌کگرتوو ) نه‌بين.. ده‌بين به 5 زمان
موحسين جوامێر
سه‌رۆکی هێژا.!
ساڵ دێ ساڵ ده‌ڕوات، له به‌شێکی باشووری وڵات‌دا به شێوه‌يه‌ک و له‌وه‌ی ديکه‌دا به زمانی ستانداردی کوردی ـ که به ناهه‌ق پێی ده‌گوترێ سۆرانی ـ ده‌خوێندرێ و ده‌نووسرێت.. ئه‌مه‌يش وا ده‌کا خه‌ڵکی یه‌ک نه‌ته‌وه ـ هێدی هێدی ـ له يه‌کدی داببڕێن و ببن به نامۆ و بێگانه، چ له ناوه‌وه يان له هه‌نده‌رانه.. هێواش هێواش هه‌ستی ناوچه و شێوه‌زار‌گه‌ری له نێو يه‌ک ميلله‌تی خاوه‌ن يه‌ک هه‌ستی کوردستانی‌دا، په‌يدا ببێت و دوژمنيش په‌يتاپه‌يتا له‌سه‌ر ئه‌م هێڵ و ته‌وه‌ره‌دا، ياری و ڕمبازی بکه‌ن؛ چونکه جه‌ژنه‌يانه.
چ ڕه‌وای هه‌قه قوتابييه‌کی دهۆکی، پاش خه‌باتی هه‌شتا ساڵانه‌ی باب و باپيری، له هاونه‌ته‌وه‌يه‌کی خۆی له سلێمانی، که‌رکووک، خانه‌قين و هه‌ولێر نه‌گات و ناچاربن په‌نا بۆ عه‌ره‌بی ببه‌ن، که ئه‌مڕۆ ئه‌ويش ته‌فليش بوو نه‌ما، هاوکات ئينگليزييه‌که‌يش دوکه‌ڵ ده‌کا و خه‌ریکه بزربێ له نێو ته‌ما، ئه‌وجا ده‌بێ فێری زمانی که‌ڕوڵاڵان بن له قاروخه‌ما.. له کاتێکدا له سه‌رده‌می به‌رێدا ئه‌م ديارده‌يه نه‌بوو، ئه‌سڵه‌ن ئه‌و قوتابييه دهۆکييانه‌ی له دوای يازده‌ی ئازاری 1970 وه به زمانی ڕه‌سمی خۆيندیان، جگه له گفتوگۆ؛ نووسه‌ر و ئه‌ديبيان لێ هاته گۆ. یا ئه‌و ( خوێندنه‌وه‌ی کوردی ) يه‌ی له دهۆک و سلێمانی ده‌خوێندرا، به هه‌مان شێوه و زمان له به‌غدا و به‌سرا ـ يش ده‌خوێندرا.
ئه‌ز ته‌خمین ناکه‌م ئه‌و زمانه‌يه‌کگرتووه‌ی ـ به ناڕه‌وا پێی ده‌گوترێ سۆرانی ـ و نزيکه‌ی سه‌د ساڵه پێی ده‌خوێندرێ و ده‌نووسرێ به کامه‌رانی، بۆ برازایه‌کی منی دهۆکی يان ئازيزێکی منی کرمانج؛ له عه‌ره‌بی يا له تورکی يان له فارسی؛ زۆر و زه‌حمه‌تتر بێت و فڕی لێ نه‌زانی.. هه‌رگیز بڕوا ناکه‌م ( فرش الفراش الفراش ) يان ( قفز الولد من فوق البرميل ) ی ئه‌لفوبێی ( ساطع الحصري ) بۆ زاڕۆکێکی ده‌لالی مه له ئاکرێ يا له دهۆکێ يان له قامشلوویێ، له ( دارا وه‌ره ده‌ره‌وه ) و ( دارا دوو داری دی ) ی ( ئیبڕاهيم ئه‌مين باڵدار ) ساناتر بێت و پێی نه‌که‌وێته هه‌راسانی. جگه له‌وه‌ی، باشووری کوردستان و رۆژهه‌ڵاته‌که‌ی ـ که کوردیی تێدا ئازاده ـ ڕێکن له‌سه‌ر هه‌مان ديالێکتی پێيان نووسی ئه‌ديبان و شاعيرانی.
سه‌رۆکی هێژا.!
ئه‌ڵمانیزمانێکی وڵاتی سويسرا ـ سه‌باره‌ت به دووريی ديالێکته‌که‌ی له ه‌ی هاوخوێنه ئه‌ڵمانييه‌که‌وه ـ لێی ناگات؛ وه‌لێ هه‌ردووکيان په‌نا ده‌به‌نه به‌ر زمانی يه‌کگرتووی ئه‌ڵمانی، که هه‌ردووکان ده‌کا به‌يه‌ک نه‌ک به دوو.. نايه‌ن، وه‌ک هێندێک له کوردان، سێ به‌رده ده‌مستی نه‌ته‌وه‌که‌يان بنێن و بێژن ئه‌گه‌ر وه‌ک زمان ددانمان پێدا ده‌هێنن باشه، ده‌نا حاشا له کورد چ ئه‌وه‌ی خراپه یان ئه‌وه‌ی باشه، هه‌روه‌ک کابرايه‌ک نووسيبووی له‌سه‌ر ڕووی شاشه، بێ ئه‌وه‌ی بزانێ ئه‌م قسه‌يه چه‌ند بڤه‌يه و چ قاس شاشه!
له کونفڕانسه په‌روه‌رده‌ييه‌که‌ی له نێوان 22 ـ 24 ی مانگی مايسدا له هه‌ولێرێ به‌سترا، خانمێکی په‌رله‌مانتار له په‌رله‌مانی عيراقدا که ناوی ره‌جاء حه‌مدوون عه‌بدوڵڵا بوو و ئه‌ندامی لێژنه‌ی په‌روه‌رده و فێرکردنه له‌وێ، ئاماده بوو.. ديار بوو بيستبووی کورد پاش ئه‌وه‌ی وازیان له براکوژی هێنا، ئێسته خه‌ريکی زمانکوژين و سمکۆڵی بۆ ده‌که‌ن، چ له زستان يان له هاوينا.. له دوای ئه‌وه‌ی ئاخی هه‌ڵکێشا که کورد له زمانی خۆيان قيت بوونه‌ته‌وه، فه‌رمووی : ئێمه ئێسته له هه‌وڵی ئه‌وه داين له‌پاڵ کۆڕی زانياريی عیراقدا، کۆڕی زانياريی کورديش زيندوو بکه‌ينه‌وه، ئه‌گه‌رچی کوردی هێشتا زمان نييه وهه‌ر له‌هجه‌يه؛ ژماره‌یشی به‌قه‌ده‌ر هه‌ر ده‌په‌نجه‌يه.! که وای وت، وته‌ی زێڕينی باوانی کوردانی ئێسته‌ی له ژيان ده‌رزوه‌رنه‌گرتووم هاته‌وه یاد؛ که ده‌ڵێ : مريشک هه‌تا خۆی خۆڵ نه‌کا به سه‌ر خۆي‌دا، دنيا ئه‌و کاره‌ی پێ ناکات.!
زاته‌ن ئه‌وه‌ی کێشه‌که قووڵتر ده‌کات و پياو خه‌ريکه سوێی ده‌بێته‌وه، وه‌دره‌نگخستنی چاره‌سه‌ریی مه‌سه‌له‌که‌يه ـ که خۆمان دروستمان کردووه ـ بۆ چه‌ندين ساڵ و بگره بۆ بيست ساڵی ديکه؛ وه‌ک له دهۆک باسی لێوه کرا، به مه‌به‌ستی لێتۆژينه‌وه و کۆبوونه‌وه‌ی زانايان.. له کاتێکدا ئه‌م پرۆسه‌يه بريتييه له ڕاوێژێکی خێرا و بڕيارێکی سياسیی خێراتر، هه‌روه‌ک له ئه‌لبانيا ـ بۆ نموونه ـ پياده کرا، دوای دۆشدامان و ده‌ستێک له‌پاش و يه‌کێک له پێشیی لايه‌نه‌کانی په‌روه‌رده و فێرکاری که له نێوان شێوه‌زاری ( گێگی ) و ( تۆسکی ) دا بێبڕياڕ مابوون و خه‌ريک بوون هه‌م له قه‌لان بن و هه‌ميش له کۆتران ..ئه‌وه بوو هه‌روه‌ک پڕۆفيسۆرێکی زمانی ئه‌لبانی د. يه‌عقووب بۆی نووسيم، ئه‌نوه‌ر خۆجه‌ی سه‌رۆک ده‌وڵه‌ت له ساڵی 1972 دا بڕياری دا تۆسکی ـ که زمانی که‌مينه‌يه وسه‌رداره ـ بکرێت به زمانی ڕه‌سمی.. وه‌کوو بڕۆفيسۆری نێوبراو گوتی، له بواری خوێندن بترازێ؛ شێوه‌زاره‌که‌ی دی ( گێگی ) له بواره‌کانی تری ڕۆشنبيری و کۆمه‌ڵايه‌تيدا ـ وه‌ک ڕاديۆ و ته‌له‌فزيۆن و بڵاوکراوه ـ چالاکه و هه‌ر ماوه وهه‌رگيز نابه‌زێ. به‌نده له‌و بروايه‌دا نيم ـ بۆ کوردی ـ هه‌تا پێويستی به بڕيار بێ، چونکه دياره که زمانێکه هه‌موو کوردی باشوور و ڕوژهه‌ڵاتی کوردستانی به ده‌وردا کۆ بووه‌ته‌وه، جگه له‌وه‌ی کاريگه‌رييه‌کی مه‌عنه‌ويشی به‌سه‌ر باکووری ئازيزی وڵات‌دا هه‌يه.!
سه‌رۆکی هێژا.!
ئه‌و هه‌وڵه‌ی ئێسته له خوێندنی دووله‌هجه‌ییدا له کوردستان ده‌درێت، ئه‌گه‌ر هه‌تا زووه چاره‌سه‌ر نه‌کرێت، زۆر ده‌رهاوێشته‌ی ديکه‌ی نه‌رێنی و ناله‌باری به دوادا دێن که تواناکان په‌رش وبڵاو ده‌که‌ن.. له‌کاتێکدا ده‌کرێ ـ له‌باتی که‌په‌نکی دوای باران ـ هه‌ر له ئێسته‌وه بۆ زمانی يه‌کگرتوو ـ که هه‌يه ـ به‌کار و کارا بين.. زيانی هه‌ره ترسناکی ئه‌م وه‌دواخستنه‌يش له‌وه‌وه خۆی زه‌ق و چڕ ده‌کاته‌وه، که ئاخره‌که‌ی به‌ره‌و زمانگه‌لی جودا ـ که ئا لێره‌دا ده‌ستپێکی کاره‌ساته‌که‌يه ـ ده‌چين.
وه‌خته بڵێم ئه‌گه‌ر بیکه‌ر و هامڵتۆن بيانزانيايه کورد له زماندا ئه‌وه‌نده ئاشقه‌له‌هجه و ديموکراتن، ئه‌وا مادده‌ی ( په‌ره‌دان به ديالێکتی شاران ) يان ده‌خسته دووتوێی ئه‌و به‌نده‌ی تێيدا جه‌خت له‌سه‌ر ياسای موحافه‌زات ده‌کاتن.. وه‌لێ خۆ نه‌چووه بچێ، ئه‌ويش ڕۆژێک هه‌موار ده‌کرێت و ئه‌و خاڵه‌ی ده‌خرێته ناو، خه‌ڵک وه‌ک ئێمه نين؛ به سه‌بر و خه‌باتن.. خۆ کورديش درێغییان نه‌کردووه، به پراکتيک وا خه‌ریکن جێبه‌جێی ده‌که‌ن، ئه‌سڵه‌ن هێندێک بۆ فره‌زمانیی کوردان؛ ده‌ڵێی ئاوقاتن.!
که سه‌يری بناغه‌ی کۆڕی زانياریی کورد له هه‌ولێرێ ده‌که‌م، بڕوا ناکه‌م له‌ڕووی بيناسازييه‌وه ه‌ی سوێد خۆی له قه‌ره‌ی بدات.. له حاڵێکدا، وه‌کوو دياره به‌هه‌موو ئه‌ندامانی ئه‌و ده‌زگه‌يه، به قه‌د مامۆستای زمان‌زان جه‌مال عه‌بدول له بواری زمانه‌وانيدا بليمه‌تییان تێيدا نه‌نواندووه. هاوکات ده‌کرا ئه‌م ده‌سه‌ڵاته زانستيیه له بڕياره‌کانيدا ئه‌وه‌نده ئازا و ئازاد و به‌وره بووايه؛ هيچ لايه‌نێک تا رۆژی سه‌ڵايه نه‌يتوانيبايه شانی له شانی بدايه، هه‌تا ئه‌گه‌ر له هێندێ له ئيجتيهاده‌کانيشدا هه‌ڵه و کۆڵه‌وار بووايه.. بڕوا ناکه‌م له مێژووی ده‌زگه زانستی و زانيارييه‌کانی کوردي‌دا، تا ئێسته وه‌کوو کۆڕی زانياریی کوردیی به‌غدا، چ له‌ڕووی ڕه‌سانه‌تیی زاناکانی و چ له‌ڕووی به‌رهه‌مه‌وه، یه‌کێکی هاوشێوه له‌دايک بووبێت، ناشڵێین بێکه‌موکورتی و له لوتکه‌دا بوو؛ چونکه بێهه‌ڵه‌یی هه‌ر بۆ خودايه.
سه‌رۆکی هیژا.!
ئه‌گه‌ر بێت‌و جڵه‌و بۆ ئه‌و بۆچوونه‌ی دژی گرنگترين بنه‌مای نه‌ته‌وايه‌تيمان ـ که زمانه ـ شۆڕ بکرێت، ئه‌وا ئاخره‌که‌ی ئه‌و هه‌سته‌په‌يوه‌سته پڕله کوردايه‌تییه‌ی به درێژايیی مێژوو، ئێمه‌ی کوردی به يه‌ک به‌ستووه‌ته‌وه؛ هێدی هێدی کز ده‌بێته‌وه و له هاوخوێنی و هاوخه‌باتييه‌وه بۆ قۆناغی دوعابۆيه‌کدیکردن، ده‌گوێزرێته‌وه.. ئا ئه‌وسا خودان زاراوه‌کان ده‌بن به‌گه‌لان، هه‌ر لايه‌ن و خه‌ريکی توند و تۆڵکردنی دنيای زاراوه‌ی خۆی ده‌بێت، چ له‌سه‌ر کاغه‌ز يان له‌سه‌ر ئينته‌رنێت.. کوردستانی گه‌وره‌يش به ته‌بيعه‌تی خۆی ده‌بێته تڕاويلکه‌يه‌ک ( سه‌راب ) که له دواڕۆژدا ـ خۆخه‌ريککردن پێی ـ به خۆفريودان دێته به‌ر ديد و نه‌زه‌ری پياوی ئاقڵ و شێت.. به‌م پێيه، سه‌رده‌مێکی ديکه که به‌سه‌ر زمانه‌کانی ديکه‌ی به‌رێدا هات، ئه‌مجاره‌يان به‌سه‌ر کوردي‌دا دێ و ـ له کوردی بترازێ ـ له‌دايکبوونی چه‌ندين زمانی ديکه له پزدانی ئه‌م زمانه‌دا دێته به‌رهه‌م، بته‌وێ يا نه‌ته‌وێت.! ئه‌م ياسا و ڕێسايه‌يش بۆ هه‌مووان هه‌ر يه‌که؛ چ له ئه‌فريقا يان له کوێت.!
ئه‌گه‌ر کار ئاوا بڕوا، گومان له‌وه‌دا نيه دهۆکی ده‌لال په‌يتاپه‌يتا له جه‌سته‌ی باشووری کوردستان جودا ده‌بێته‌وه.. ئه‌وسا بۆی هه‌يه ئه‌وه‌نده‌ی له موسڵ نزيک ده‌بێته‌وه؛ ئه‌وه‌نده له هه‌ولێر و که‌رکووک و سلێمانی و خانه‌قين و مه‌هاباد نزيک نه‌بێته‌وه.. ياخود له‌پاڵ ئه‌وانی ديکه‌دا؛ ده‌بێته قه‌ومييه‌تێکی سه‌ربه‌خۆ و له‌نێوخۆیدا ده‌توێته‌وه.. يان ئه‌وه‌نده‌ی سۆز و میهری بۆ ئه‌سته‌نبۆل و به‌غداد ده‌چێ؛ هه‌ر ئه‌وه‌نده‌يش بۆ هه‌ولێر و مه‌هاباد ده‌چێ.!
سه‌رۆکی هێژا.!
( ب خۆزيا ده‌ست ناگهه باقا که‌زييا ).. به هيوای کوردستانی گه‌وره، بێین ئه‌م خانووچکه زمانه‌وانييه داته‌پێنين و بيکه‌ين به وێرانه؛ لوتکه‌ی دۆراندنه هه‌م له‌وێ هه‌م لێره‌کانه.! به که‌ڵکه‌ڵه‌ی ئه‌وه‌ی هاونه‌ته‌وه‌مان کوردی کرمانج ژماره‌يان زێتره، بێین ده‌ست له زمانێکی ستاندارد بوه‌شێنين که له توانایدا هه‌يه هه‌ر زانستێکی پی بنووسرێت؛ ئه‌و مه‌نتيقه هيچ گه‌لێکی هۆشيار قبووڵی ناکات وهيچ زانايه‌کی زیخ نايخاته ته‌رازووی په‌سندکردنه‌وه.!.. بلا جارێ ئه‌م کوڕه گه‌وره بکه‌ين، خوا گه‌وره‌يه بۆ کوڕێکی ديکه.! هه‌روه‌ک خه‌سووه‌که به نۆبووکه‌که‌ی خۆی گوت له زه‌مانی به‌ری نووکه.
باکووری کوردستان، هه‌تا نه‌وه‌ته‌کان ـ مه‌گه‌ر به‌دزی ـ ده‌نا کتێبێکی کوردیی تێدا به ئاشکرا چاپ نه‌کرا.. به‌ڕێزتان باش شاره‌زای ئه‌وێن، سه‌روبنی ئه‌و وڵاته بپشکنی، به قه‌ده‌ر نيوه‌ی شاری دهۆکی ده‌لال کورديزانی تێدا نييه.. له‌شارێکی وه‌کوو ئامه‌دا که ڕۆحی کوردستانه، ئێسته‌يش زمانی ڕه‌سميی ماڵه‌کان؛ تورکييه.. بڕۆ چيای قه‌نديل که مه‌کۆی شه‌ڕوانانی په‌که‌که‌يه و هيوامه هه‌ر سه‌رکه‌وتوو و بێوه‌ی بن، زمانی ستاندارد و یه‌کگرتوويان؛ تورکييه. ئه‌مه واقعێکه و زمانی کوردييش هه‌ر ئه‌وه‌نده نييه کابرا بزانی بڵێت : چاوانی باشی.!
بۆيه، ده‌کرێ پايته‌ختی کوردستان ـ که به حوکمی پێگه‌ی سياسی و ديبلۆماسی و ئابووری، خۆڕسک ده‌بێته چه‌قی زمانی يه‌کگرتوو ـ له‌گه‌ڵ پیر و ئه‌ختيار و زانا و سياسه‌توانانی باکوور رێک که‌ون، زمانی ستانداردی باشوور ـ که به زوڵم پێی ده‌ڵێن سۆرانی ـ بکرێته زمانی ئه‌وێش و فێری بن مرۆڤی نوێ و که‌ون.. زاته‌ن هه‌موو شتێکی پێوه‌نديی له‌گه‌ڵ زمان و ڕۆشنبيریی کوردی‌دا هه‌بێت، بۆ گه‌لی باکوور؛ نوێیه و دیته به‌رچاو وه‌کوو خه‌ون.
ساڵی 1983 بۆ ماوه‌ی يه‌ک ساڵ له ئه‌نقه‌ره بووم، به‌ينم له‌گه‌ڵ کوردانی ئه‌وێ زۆر خۆش بوو؛ خۆشم ويستن.. ڕۆژێکيان چوومه ماڵی براده‌رێکی ئازيز، ديار بوو ڕاديۆکه‌ی له‌سه‌ر ئێستگه‌ی کورديی به‌غدا دانابوو، به‌رنامه‌که بادينی بوو.. منيش وتم: خۆشه، وا نييه؟ گوتی : ئه‌رێ، لیبه‌لێ سۆرانييه، فه‌هم ناکه‌م.!
سه‌رۆکی هێژا.!
زۆر ده‌ترسم له داهاتوودا په‌رله‌مانی کوردستان به پێشوازی له نوێنه‌رانی که‌مايه‌تييه کوردييه‌کان سه‌رقاڵ بکرێت، هاوڕێ له‌گه‌ڵ خۆيان‌دا ئه‌رزوحاڵ بهێنن بۆ ئه‌وه‌ی له ده‌ستووری کوردستاندا ددان به زمانی کورديی ئه‌وانيشدا بنرێت؛ چونکه ( منداڵه‌کانيان له کوردی ناگه‌ن.! ). به‌نده نه‌مبيستووه له هه‌ر چوار ئيقلیمی دنيادا، ميلله‌تێک هه‌بن خۆيان به هاوخوێنی يه‌کدی بزانن، که‌چی بێن دوو پێی زمانی يه‌کگرتووی ته‌مه‌ن سه‌د ساڵه‌يان ده سۆڵێک بکه‌ن و بڵێن : ئێمه هاتين، تۆ بار که.!
سۆماڵييه‌کان، سه‌دان عه‌شره‌ت و قه‌بيله‌ن، يه‌که‌م کتێبی چاپکراويان له ساڵی 1972 دا بوو، يه‌که‌م زمانی ڕه‌سميشيان هه‌ر له‌و ساڵيدا له‌دايک بوو.. ئه‌گه‌ر له هه‌موو شتێکدا ناکۆک بن، وه‌لێ بۆ زمانی يه‌کگرتوو خڕيان له‌سه‌ر چۆکن.
ڕه‌وشه‌که، ئه‌گه‌ر به چاوێکی واقیعبینانه تیی نه‌ڕوانین و به‌پێی عاتيفه و ئیمزای خه‌ڵکی مامه‌ڵه‌ی له‌گه‌ڵدا بکه‌ین، ئه‌گه‌رێکی زۆر هه‌یه نه‌ک دوای 20 ساڵان هیچ زمانێکی يه‌کگرتووی کوردی به عه‌مه‌لیاتی قه‌یسه‌ری له‌دایک نابێت، بگره هه‌ر له‌م چه‌ند ساڵه‌ی داهاتوودا کۆمه‌ڵێک زمانی کوردی سه‌ر هه‌ڵده‌ده‌ن، نیشانه‌کانیش لێکدا لیکدا به‌ڵگه و ده‌ليلمان پێ ده‌ده‌ن.. که هاتینه سوێد، ته‌نیا یه‌ک خوێندنه‌وه‌ی کوردی هه‌بوو، ئه‌وه‌ی دی هه‌بوو نه‌بوو.. دایه‌ره‌ی په‌روه‌رده، ده‌یگوت و ده‌ینووسی : زمانی کوردی.. پاشان کرمانجی هات، گوتیان کوردیی سه‌روو و کوردیی خواروو.. ئه‌وجا زازایی و فه‌یلی هاتن.. ئیسته بۆ ئه‌وه‌ی له‌نێو گێژاوی ئه‌م هه‌موو ناو و زمانانه، سوێدییه‌کان شێت و دین نه‌بن، کردیان به : زمانی سۆرانی، زمانی کرمانجی، زمانی زازایی، زمانی بادینی و زمانی فه‌یلی.
ئه‌گه‌ر کار ئاوا بڕوات، من هیچ گومانێکم له‌وه‌دا نییه که کوردبوونه‌که‌ی ئێمه کاتییه و له‌لای که‌می ده‌بین به پێنج قه‌ومییه‌ت و پێنج زمان.. له سۆنگه‌ی ئه‌مه‌وه له وتارێکمدا پێشنیازی ئه‌وه‌م کرد، جارێ با به ئینگلیزی بخوێنین، چ بێگانه چ خزمان.
دڵنیام دوژمن ئاگای له‌و لێکهه‌ڵوه‌شانه زمانییه‌ی نێو کوردان هه‌یه، به‌خته‌وه‌ریشه.. له‌وانه‌یه له‌مه‌ودوا پاڵپشتیشی بکات، به‌س ناڵێم ئه‌و ده‌ستپێشخه‌ره، به‌ڵکو خه‌تا له کورده‌که‌یه؛ هه‌میشه.
سه‌رۆکی هێژا.!
ئه‌گه‌ر شای شاعيران ئه‌حمه‌دی خانی به‌ری سه‌دان ساڵ به‌ئه‌ده‌بانه ڕازی دڵی خۆی به‌م شێوه‌يه ده‌ربڕی بێت :
ئه‌ز مامه د حیکمه‌تا خودێ دا
کورمانج د ده‌وله‌تا دنـــــــێ دا
ئايا ب چ وه‌جهێ مانه مه‌حــڕووم
بيلجومله ژ بۆ چ بوونه مه‌حکووم
ئه‌وا له‌مه‌ولا هه‌ر هه‌ڵه‌يه‌ک بۆ گۆڕينی سيمای نه‌ته‌وه‌ييمان، به په‌رته‌وازه‌کردنی بۆ شێوه‌زار و له‌هجه‌ی جياواز، له ئه‌ستۆی کورده‌که خۆیه‌تی.. من هه‌ميشه نووسيومه که ده‌بێ سنوورێکی یه‌کجاره‌کی بۆ بانگه‌شه‌ی ئاوا دابنرێت و ئه‌م جۆره داوايانه له ئاستی ڕه‌سميدا بخرێنه بابی ( موحه‌ڕه‌مات ) ه‌وه؛ ئێستاکه‌يش ڕۆژيه‌تی.!
من پیشنیاز ده‌که‌م، بۆ لێکۆڵینه‌وه له مه‌ترسییه‌کانی ئه‌و گۆڕانکارییانه‌ی خه‌ریکن سه‌ری زمانه‌که‌مان ده‌خۆن، کۆمه‌لێک زانای زمان‌ناس له‌ده‌ره‌وه بانگێشتی کوردستان بکرێن.. بۆ ئه‌وه‌ی بزانین ئاخۆ ئێمه به‌ده‌ستبه‌ردان له ئه‌م زمانه يه‌کگرتووه‌ی هه‌مانه و به‌کردنه‌وه‌ی ده‌رگا بۆ ئه‌وه‌نده له‌هجه کوردییانه : ( کوردتر) ده‌بین یان ( ته‌فلیش ).؟! ئایا خوێندن به له‌هجان، به‌ره‌و هاتنه‌کایه‌ی زمان و قه‌ومييه‌تی نوێ نابات؟ ئاخۆ به‌دیل ( جێگه‌گير ) چییه؟
سه‌رۆکی هێژا.!
گه‌وره‌ترين سه‌رکه‌وتنی مه‌عنه‌ویی له‌سه‌ره‌تای سه‌ده‌ی بيسته‌مدا به ده‌ستمان هێنا، ئه‌وه بوو کاتێ زمانی کوردی کرا به ده‌سته‌خوشکی زمانی عه‌ره‌بی له ده‌وڵه‌تی فيدڕاڵدا، که من به گه‌وهه‌ر و مرواریی نێو ڕشته‌ی ده‌ستووری ده‌زانم، چونکه مادده‌يه‌کی نه‌گۆڕاوه و کورد تێيدا براوه‌يه؛ له‌مه‌ودوا ده‌روازه‌ی به‌سه‌ر ناوچه‌ی ڕۆژهه‌ڵاتدا کراوه‌يه.. گه‌وره‌ترين عه‌يب و شووره‌يی بۆ ئێمه ئه‌مڕۆ ئه‌وه‌يه، ئه‌و زمانه‌ی که هه‌تا غه‌يره‌کورديش ده‌زانێت به درێژاييی مێژووی عیراق، ڕه‌سمی بووه؛ ئێسته بێین ده‌ستبه‌رداری بين و به له‌هجه‌گه‌لی کوردییه‌وه خۆمان به‌وان بناسێنين.. ئه‌ز له‌وه ده‌ترسم له داهاتوودا نه‌ياران له‌سه‌ر ئه‌م په‌تی ناتفاقييه‌ی کورد ـ هه‌تا له‌سه‌ر زمان ـ یاری بکه‌ن .. په‌ککوو چه‌ند دوژمنی خۆمانين !
خۆ ناحه‌زان ناهه‌قیان نییه، زمانێ خاوه‌نی ئه‌وه‌نده له‌هجه‌یه بێ، چۆن له‌پاڵ زمانی عه‌ره‌بیی دابنێن و له خه‌نه نێن ده‌ست و پێ.. ( ثبت العرش ثم انقش ) .. من عه‌ره‌ب بم، داوای ئه‌وه ده‌که‌م مادده‌ی زمانی کوردی له ده‌ستووری فیدڕاڵ‌دا، هه‌رهیچ نه‌بێ هه‌ڵپه‌سێردرێت.. ئاخر برایه‌کی عه‌ره‌ب که کوردی خۆش ده‌وێ یا کابرایه‌کی بیانی حه‌زی له کورده، کام زمان فێر بێت.؟ زمانی سۆرانی، یان زمانی بادینی، ئان زمانی کرمانجی، یانژی زمانی زازایی یان زمانی فه‌یلی.؟ خۆ عومریش بای ئه‌وه‌نده زمانه‌کوردییانه ناکات؟ ئاخر ماقووله تا بيست ساڵی دی چاوه‌ڕێ بن، هه‌تا زمانێکی کوردی؛ به‌زۆر په‌يدا ده‌بێت.!
بۆ مێژوو : له حه‌فتاکاندا يه‌که‌م کتێبم نووسی بوو، مامۆستايه‌کی زانا بانگی کردمێ، گوتی : وه‌ره با يه‌ک قسه‌ت پێ بڵێم، ئه‌گه‌ر به گوێم بکه‌يت؛ ده‌بيت به نووسه‌رێکی سه‌رکه‌وتوو.. گوتم: فه‌رموو.! گوتی : هه‌رگيز به کوردی مه‌نووسه، گوتم : لۆ ؟ گوتی : چونکه کوردی زمان نييه ومیلله‌تی کوردیش وه‌ک ئه‌و کابرایه وایه که ئه‌و داره‌ی له‌سه‌ری وه‌ستابوو؛ بڕییه‌وه. هه‌ر ڕه‌نجێکیش بدات، تا له ئاخره‌که‌یدا هه‌ره‌س نه‌هێنێ؛ هه‌رگیز ناحه‌جمێ و ناحه‌سێته‌وه.!
سه‌رۆکی هیژا.!
مارشی نه‌ته‌وه‌ییی کورد ( ئه‌ی ڕه‌قيب ) زۆر مقۆمقۆ و گفتوگۆ و شه‌ڕه‌قسه‌ی له‌سه‌ر کرا، چ له ئاستی ڕۆشنبيری و چ له ئاستی ڕه‌سميدا.. له کاتێکدا ئه‌گه‌ر ئه‌مه‌ی دڵداری شاعیريش نه‌بووايه، ئه‌وا ده‌کرا ه‌ی شاعیرێکی هاوچه‌رخ و به پێزتريش بووايه و زه‌ره‌ری بۆ په‌زی نه ده‌بوو له دوايه.. وه‌لێ زمانی ستاندارد حه‌وسه‌ڵه‌ی هاوسه‌ر و هه‌وێيه‌کی ديکه‌ی نييه؛ بێ ئه‌وه‌ی زيان له بنه‌مای نه‌ته‌وه‌ييمان بدرێت، که ئه‌ويش بريتييه له په‌يدابوونی نه‌ته‌وه‌گه‌لان له هه‌موو لايه.. ئه‌مه‌يش رێگه له‌وه ناگرێت، به وشه‌گه‌لی چاوکاڵ و لیوئاڵ وبه‌ژن زراڤ و له‌باری زاراوه شيرينه‌کانی بادينی و کرمانجی و فه‌يلی و هه‌ورامی و موکريانی وزازاکی و ئه‌وانيکه‌مان، ژيکه‌ڵه و پۆشته‌وپه‌رداخی که‌ين تا وه‌ک په‌روانه بخوولێنه‌وه به ده‌وری چرا و لاله و لايلايه‌ی شيرينی ( دايه ).
دوای ئه‌و گوريسکێشييه زۆروزه‌وه‌نده‌ی له‌مه‌ڕ ئاخۆ ئه‌م ( ئه‌ی ڕه‌قيب ) ه خاسه يان خرا، کرا؛ له‌لايه‌ن سه‌رۆکی کوردستانه‌وه بڕيار درا که ئه‌م سرووده ده‌مێنێ و زه‌ره‌رمانه ئه‌گه‌ر ده‌ستی لێ درا و به مۆزه‌خانه سپێردرا.. ئه‌وجا، ئه‌گه‌ر بۆ ئه‌ی ڕه‌قيب پێويستمان به‌و بڕياره يه‌کلاکه‌ره‌وه هه‌بووبێت، ئه‌وا بڕياری ئاوا بۆ زمانه‌که‌مان؛ ده‌که‌وته بازنه‌ی ئه‌رکه مێژووييه هه‌ره‌گرنگه‌کانی سه‌رۆکی کوردستان.
ئه‌و کوردايه‌تييه‌ی له سه‌ردانه‌که‌ی به‌ڕێزتان بۆ دهۆک، داواتان کرد، به بڕوای من مه‌حاڵه بێ پاراستنی زمانی په‌تیی هه‌موو کوردان ـ که به غه‌در پێی ده‌ڵێن سۆرانی ـ بێته دی.. به‌ڵکوو هه‌تا فيدرالیزم و داوای ده‌وڵه‌تيش، بايه‌خيان نامێنێت؛ چونکه ـ خه‌نی له دوژمنان !ـ کورد به‌ره‌و ئيماراتی لوغه‌وی ده‌ڕون و چيتر.. خه‌ريکه هه‌قی قارداش سلێمان ده‌ميره‌لی سه‌رۆکی به‌رێی کۆماری تورکيا بگرم که جارێکيان فه‌رمووبووی : ئاخر کورده‌کان به هه‌شت زمان قسه ده‌که‌ن، هه‌ق بده‌ينه کێ؟! پێشترێش ڕه‌فيق تاريق عه‌زيز ـ فک الله أسره ! ـ فه‌رمووبووی : خۆ ئه‌گه‌ر زمانی عه‌ره‌بی نه‌بێت، هه‌ولێرييه‌ک و دهۆکييه‌ک له يه‌کدی ناگه‌ن.! سوێدييه‌کی شاره‌زا له ڕه‌وشی کوردان، پێێ گوتم : ئه‌وه‌نده‌ی سوێدييه‌ک و نه‌ڕویجيیه‌ک يان ئه‌وه‌نده‌ی سوێدييه‌ک و دانيمارکييه‌ک ياخود ئه‌وه‌نده‌ی نه‌رويجييه‌ک و دانيمارکييه‌ک ـ که گه‌لانی جودان ـ له يه‌کدی ده‌گه‌ن؛ ئه‌وه‌نده سۆرانييه‌ک و کرمانجێک له یه‌کدی ناگه‌ن.
سه‌رۆکی هێژا.!
ئه‌و مه‌سه‌له‌يه‌ی له حاڵی سه‌رداريی به‌ڕێزت له لوتکه‌ی حوکمڕانيدا، بڕياری له‌سه‌ر نه‌ده‌يت، به ته‌مای پاشان مه‌به؛ چونکه ـ بابه‌ته‌که ـ زۆر له‌وه گه‌وره‌تر و ناسکتره بيده‌يته ده‌ست نه‌وه‌کانی داهاتوو، چ له نه‌وه‌ی به‌درخانييه‌کان يان ئه‌وانيديکه‌ی بابان و به‌به.. ئه‌وه‌ی له‌م گه‌رماوگه‌رمه‌دا نه‌کرێ، به هيوای داهاتوو مه‌به، چونکه ڕه‌وشه‌که خێراتر ده‌ڕوا و گرێی فره‌زمانیی کوردان؛ هه‌م کوێره و هه‌ميش قه‌به.
باوی ئه‌وه نه‌ما ـ دوای شازده ساڵ ئازادی و هه‌بوونی هه‌موو داوده‌زگه‌يه‌کی ده‌وڵه‌تی و سه‌رۆک ـ بێژين دوژمن نه‌يهێشت زمانی یه‌کگرتوو و په‌تیمان هه‌بێت.. باوانی سوێدييان فه‌رموويانه : هه‌ڕوو جلکی گه‌رم له‌به‌ر که، گله‌يی له سه‌رما مه‌که.! ئه‌گه‌ر پێ له به‌ختی خۆمان نه‌نێین؛ زمانی يه‌کگرتوومان هه‌يه، له هه‌ر کوێ بێت.
ئاريشه‌که‌يش هه‌تا شلکه‌گرێیه، حه‌ل نه‌کرێ، ئه‌و وه‌خته ئه‌و( ئه‌ی ڕه‌قيب )ه‌ی جه‌نابتان مکوڕ بوون له‌سه‌ر مانه‌وه‌ی؛ به واقيع دێته گۆڕين و هه‌ر به‌م زووانه ده‌وترێ :
ئه‌ی ڕه‌قيب.. لێی پاڵ ده‌ره‌وه.! کورد ده‌بێ به گه‌لانی کورد
ئه‌و که‌سه‌ی ده‌يگوت که ماوه، پێی بڵێ ئه‌مڕۆکه مــــــــــرد
2007/06/27